لە چوارچێوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکانی ڕێکخراوی هاواری گەڵا بۆ ناساندنی دۆسیەی ئەنفال و سوودوەرگرتن لە ئەزموونە جیهانییەکان، بەڕێز (هێمن گۆپتەپەیی) سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری گشتی تەواوی پڕۆژە و کاروبارە کارگێڕییەکانی ڕێکخراوەکە، گەشتێکی زانستی و مەیدانی چەند ڕۆژەی بۆ وڵاتی ئەڵمانیا ئەنجام دا.
ئەم گەشتە کە لەسەر بانگهێشتی فەرمی ڕێکخراوی WADI ئەڵمانی و بە پاڵپشتی ناوەندی Rosa Luxemburg ڕێکخرابوو، زنجیرەیەک دیدار و بەسەرکردنەوەی گرنگی لە شارەکانی هامبۆرگ، برێمەن، سێلێ، و میونشن لەخۆگرت.
دیدار لەگەڵ ناوەندە هزری و سیاسییەکان
لە سەرەتای گەشتەکەیدا، بەڕێز هێمن گۆپتەپەیی لەگەڵ ناوەندی “ڕۆزا لوکسمبۆرگ” کۆبووەوە و لەگەڵ (نۆربێرت شێپەرس) تاووتوێی پرسەکانی ئەنفال و جینۆسایدیان کرد. لە دیدارەکەدا، بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی هاواری گەڵا پێشنیازی دروستکردنی هەماهەنگیی زیاتری کرد بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان لەڕێگەی کارکردن لەسەر مێژووی هاوبەش.
گەڕان بەدوای مۆدێلێکی نوێ بۆ مۆزەخانەی جینۆساید
بەشێکی سەرەکی گەشتەکە تەرخانکرابوو بۆ بەسەرکردنەوەی یادگە و مۆزەخانە جیهانییەکانی ئەڵمانیا، وەک کەمپی (Neuengamme) و (Bunker Valentin) و ئۆردوگای (Dachau). بەڕێز هێمن گۆپتەپەیی ئامانجی ئەم سەردانانەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە بتوانرێت بیرۆکە و تەکنیکە نوێیەکانی مۆزەخانەسازیی بگوازرێتەوە بۆ کوردستان، بە مەبەستی دروستکردنی مۆزەخانەیەکی مۆدێرن و دیجیتاڵی بۆ جینۆسایدی ئەنفال.
سیمینار و دەنگدانەوەی نێودەوڵەتی
لە شاری برێمەن، بەڕێزیان سیمینارێکی بۆ ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان پێشکەش کرد. هەروەها لە شاری “سێلێ” لە لایەن ناوەندی (vhs Celle)ەوە ڕێز لە کارەکانی گیرا. ئەو ناوەندە ئەڵمانییە لە پەیامێکی فەرمیدا سەرسامی خۆیان بۆ کارەکانی هێمن گۆپتەپەیی دەربڕی و ڕایانگەیاند: “هەوڵەکانی هێمن گۆپتەپەیی لە کۆکردنەوەی هەزاران وێنەی قوربانیانی کیمیاباران، هەوڵێکی مەزنە بۆ دروستکردنی یادگارییەک و دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ دەربازبوون لە مێژووی توندوتیژی.”
پڕۆژە و هەماهەنگییەکانی داهاتوو
لە کۆتا وێستگەی گەشتەکەیدا لە شاری میونشن، بەڕێوەبەری گشتی پڕۆژەکانی هاواری گەڵا لەگەڵ مێژوونووسان و فەرمانبەرانی سەنتەری بەڵگەنامەی نازییەکان کۆبووەوە. لەوێ گفتوگۆی جدی کرا بۆ ئەنجامدانی چالاکیی و پێشانگای هاوبەش لە داهاتوودا لەنێوان هەردوولادا.
پەیامی کۆتایی
بەڕێز هێمن گۆپتەپەیی لە کۆتایی گەشتەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە تەواوی ئەو ئەزموون و بیرۆکانەی لەم گەشتەدا بەدەستی هێناون، دەیکاتە پڕۆژەیەکی زانستی و پێشکەشی ناوەندە پەیوەندیدارەکانی دەکات، تاوەکو لە خزمەت پاراستنی ئەرشیفی نەتەوەیی و دۆسیەی جینۆسایدی کورددا بن.
ڕێکخراوی هاواری گەڵا، وێڕای دەستخۆشی لەم هەوڵە نێودەوڵەتییەی بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی، سوپاسی ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی و هەموو ئەو هاوکار و دۆستانە دەکات کە لە سەرخستنی ئەم گەشتەدا ڕۆڵیان هەبووە.



























