Uncategorized

ڕێکخراوی هاواری گەڵا بەشداری لە کۆڕبەندی تاوتوێکردنی جینۆسایدی ئێزدییەکان و لێکەوتەکانی ئەنفال دەکات


لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە کونسوڵ، دیپلۆماتکاران و بەرپرسانی حکومی، گفتوگۆیەکی کراوە سەبارەت بە دۆخی ئێزدییەکان و لێکەوتەکانی جینۆساید بەڕێوەچوو. لەم کۆبوونەوەیەدا، بەڕێز (هێمن گۆپتەپەیی) سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری گشتی تەواوی پڕۆژە و کاروبارە کارگێڕییەکانی ڕێکخراوی هاواری گەڵا، وەک یەکێک لە بەشداربووە سەرەکییەکان ئامادەبوو.

لەم پانێڵەدا کە خاتوو (سیسکا دێ ڤێڵد) سکرتێری دووەم و بەرپرسی کاروباری سیاسی لە کونسوڵخانەی گشتیی هۆڵەندا، نوێنەری کونسوڵخانەی ئەمریکا، نوێنەرانی پەرلەمان و وەزارەتی ئەوقاف و بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخراوە ناحکومییەکان تێیدا بەشداربوون، تیشک خرایە سەر دۆخی شەنگال دوای ١١ ساڵ لە جینۆساید.

بەڕێز هێمن گۆپتەپەیی لە میانی وتەیەکدا، ئاماژەی بە بەربەستە سیاسی و ئەمنییەکانی بەردەم ئاوەدانکردنەوەی شەنگال کرد و ڕایگەیاند کە پێویستە حکومەتی هەرێم و بەغدا بگەنە ڕێککەوتنێک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە.

هەروەها ناوبراو، بەراوردێکی لەنێوان جینۆسایدی ئێزدییەکان و تاوانی ئەنفالدا کرد و نیگەرانی خۆی دەربڕی کە دوای زیاتر لە ٣٧ ساڵ بەسەر کارەساتی ئەنفالدا، هێشتا زۆربەی گوندەکانی کوردستان لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک (پەروەردە، تەندروستی، ژینگە و ڕێگەوبان) بێبەشن. لە کۆتاییدا، جەختی لەوە کردەوە کە ئەرکی حکومەت و ڕێکخراوەکانە کار بۆ دابینکردنی مافە سەرەتاییەکانی دانیشتووانی ئەم ناوچانە بکەن تاوەکو ژیانێکی شایستە بۆ ڕزگاربووان و خەڵکی ناوچەکە فەراهەم بکرێت.