دوای بەدەستهێنانی پلەی دووەم لە “جامی کۆیە ٢٠٢٤” لەلایەن تیپی وەرزشی گۆپتەپەوە، ڕێکخراوی هاواری گەڵا بە مەبەستی هاندان و پشتگیریکردنی گەنجانی ناوچەکە، چالاکییەکی ڕێزلێنانی بۆ یاریزانانی تیپەکە ڕێکخست.
لە مەراسیمێکدا کە لە یاریگای “تاتانی گۆپتەپە” بەڕێوەچوو، بەڕێز (هێمن گۆپتەپەیی) سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری گشتی پڕۆژەکانی ڕێکخراوی هاواری گەڵا، بە هاوکاری ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی، دیاری و پێداویستی وەرزشی (٢٠ جووت پێڵاوی وەرزشی/لاپچین)ی بەسەر سەرجەم یاریزانانی تیپەکەدا دابەش کرد. ئەم چالاکییە بە ئامادەبوونی م. داستان ئەحمەد و م. دارەوان سەعید، ستافی سەرپەرشتیاری چالاکییە وەرزشییەکانی گۆپتەپە ئەنجام درا.
بەڕێز هێمن گۆپتەپەیی لە پەراوێزی ئەم دابەشکردنەدا ڕایگەیاند، کە ڕێکخراوەکەمان هەمیشە خەمخۆری گەشەپێدانی توانا وەرزشییەکانی گەنجان بووە و لە ماوەی ڕابردووشدا وەک سپۆنسەری سەرەکی، چەندین پێداویستی بۆ وەرزشکارانی ناوچەکە دابین کردووە.
هەروەها جەختی کردەوە کە ئەم هەوڵانە بەردەوام دەبن بە ئامانجی بووژاندنەوەی کەرتی وەرزش لە سنووری ناحیەی ئاغجەلەر و گوندەکانی دەوروبەری، و ڕێکخراوی هاواری گەڵا پلانێکی فراوانتری هەیە بۆ فراوانکردنی چالاکییەکانی لەو ناوچانەی پێویستیان بە پاڵپشتی زیاتر هەیە.













