ئەمڕۆ شەممە، ڕێکەوتی 17ـی کانوونی دووەمی 2026، لە چوارچێوەی گرنگیدان بە کەرتی خوێندن و دەوڵەمەندکردنی ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان، ڕێکخراوی “هاواری گەڵا” بە هاوکاری ڕێکخراوی “وادی”ی ئەڵمانی، زیاتر لە 450 کتێبیان وەک دیاری پێشکەش بە کتێبخانەی گشتی قەزای چەمچەماڵ کرد.
مەراسیمی بەخشینی کتێبەکان بە ئامادەبوونی هێمن گۆپتەپەیی، سەرۆکی ڕێکخراوی هاواری گەڵا و ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕێکخراوەکە بەڕێوەچوو. لە بەرامبەردا، هێرش عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتی چەمچەماڵ، وێڕای دەربڕینی سوپاسگوزاریی خۆی، ڕایگەیاند: “هاتنتان و بەخشینی ئەم کتێبانە جێگەی دڵخۆشییەکی زۆرە و کەلێنێکی گەورەی کتێبخانەکەمان بۆ پڕ دەکاتەوە.”
هەروەها بەڕێوەبەری کتێبخانەکە وتیشی: “لە زاخۆوە تا خانەقین سوپاسی هەموو ئەو خەڵکە دەکەین کە خەمخۆری مەعریفەن، داواکاریشین ئەم جۆرە هاوکارییانە بەردەوام بن بۆ ئەوەی بتوانین ئەم ناوەندە ڕۆشنبیرییە بخەینەوە سەر ڕێچکە ڕاستەقینەکەی خۆی.”
لەلایەکی دیکەوە، هێمن گۆپتەپەیی، سەرۆکی ڕێکخراوی هاواری گەڵا، بەڵێنی پشتیوانیی بەردەوامی بۆ کتێبخانەکە دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە وەک چۆن پێشتر لە چەندین پڕۆژە و چالاکیی جۆراوجۆردا خزمەتی ناوچەکەیان کردووە، لە داهاتووشدا لە هاوکارییەکانیان بەردەوام دەبن.
شایەنی باسە لە کاتی بەخشینی کتێبەکاندا، هەریەکە لە ئەندامانی ڕێکخراوی هاواری گەڵا (کوێستان حامید، ڕوبار ئەحمەد و عەزیز عەبدوڵا) ئامادەی مەراسیمەکە بوون.



























