وێنەنەبینراوەکانی ئەنفال؛ لە فەرامۆشیەوە بۆ سەر پەردەی سینەما و ناوەندە نێودەوڵەتیەکان

ڕێکخراوی گەڵا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ زیندووڕاگرتنی یادەوەریی تاوانەکانی ئەنفال و کارکردن لەپێناو دادپەروەریدا. لەم چوارچێوەیەدا، خۆشحاڵین بە ڕاگەیاندنی بەشداریی کارامان لە سیمپۆزیۆمی گرنگی زانکۆی سۆران.

ڕۆژی دووشەممە، ١٤ی نیسانی ٢٠٢٥، زانکۆی سۆران سیمپۆزیۆمێکی زانستی و یادەوەریی لەژێر ناونیشانی “تاڵاوی ئەنفال؛ برینێک لە مێژوودا، بانگەوازێک بۆ دادپەروەری!” بەڕێوەبرد. شاندێکی ئێمە، وەک بەشێک لە گروپی “ئەنفالستان”، لە پانێڵی سێیەمدا بەناونیشانی “ئەنفالستان لە ئەدەب و هونەر و فیلمی کوردیدا” بەشدار بوو.

لە میانی پانێڵەکەدا، توێژینەوەیەک لەلایەن هێمن گۆپتەپەیی بەناونیشانی “وێنە نەبینراوەکانی ئەنفال؛ لە فەرامۆشییەوە بۆ سەر پەردەی سینەما و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان” پێشکەش کرا. ئەم توێژینەوەیە تیشکی خستە سەر گرنگیی بەدیکۆمێنتکردنی بینراوی تاوانەکە و هەوڵەکان بۆ ناساندنی زیاتری ئەم کارەساتە لەسەر ئاستی جیهانی.

جێی شانازییە کە پڕۆژەی “وێنە نەبینراوەکانی ئەنفال”، کە لە ماوەی ڕابردوودا بە پاڵپشتی و پشتیوانی ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی کاری تێدا کراوە و تا ئێستاش بەردەوامە، لەم سیمپۆزیۆمەدا گرنگیی پێدرا. ئەم پڕۆژەیە تا ئێستا زیاتر لە ١٠ پێشانگای وێنە و چەندین فیلمی دیکۆمێنتاریی بەرهەم هێناوە، و لە داهاتووشدا بە چەند بیرۆکەیەکی نوێ لە نووسینەوەی چیرۆکەکان و بەرهەمی دیکەوە بەردەوام دەبین.

وەک هێمایەک بۆ یادەوەری و بەردەوامیی ژیان، لە کۆتایی سیمپۆزیۆمەکەدا و لە ساڵیادی تاوانی ئەنفالدا، دوو نەمامی بەڕوو لە حەوشەی زانکۆی سۆران چێنران.

هەروەها، ئاماژەیەکی دڵخۆشکەر ئەوەبوو کە ناوەندی جینۆساید، جێندەر و لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی-سەنتەری زانست لە زانکۆی سۆران، دەستپێشخەری و ئامادەیی خۆیان بۆ کاری هاوبەش لە داهاتوودا دەربڕی. ئەمەش دەرفەتێکی گرنگە بۆ پەرەپێدانی زیاتری کارەکانمان لەم بوارەدا.

ڕێکخراوی گەڵا سوپاسی میوانداری و پێشوازی گەرمی زانکۆی سۆران دەکات و پابەندبوونی خۆی بە #بەردەوام_دەبین لە کارکردن لەسەر دۆسیەی ئەنفال و گەیاندنی دەنگی قوربانیان دووپات دەکاتەوە.

Posted in

Leave a comment