لەگوندی گۆپتەپە قوربانی بەکۆمەڵ دەکرێت ساڵانە

گوندی گۆپتەپە، یەکێک لە گوندە گەورە و پڕ دانیشتووانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، خاوەنی نەریتێکی کۆمەڵایەتیی ناوازەیە لە کاتی جەژنی قورباندا. ساڵانە لەم گوندەدا، ڕێوڕەسمی قوربانیکردن بە شێوازێکی جیاواز بەڕێوەدەچێت کە گیانی هاوکاری و یەکڕیزی لەنێوان دانیشتووانەکەیدا قووڵتر دەکاتەوە.

تایبەتمەندیی ئەم نەریتە لەوەدایە کە زۆربەی خێزانەکانی گوندەکە قوربانی دەکەن و دواتر گۆشتی قوربانییەکانیان لە مزگەوتی گوند کۆ دەکەنەوە. پاشان، لێژنەیەکی تایبەت کە پێشوەختە ناوی سەرجەم دانیشتووانی گوندیان تۆمار کردووە، هەڵدەستن بە دابەشکردنەوەی گۆشتەکە بەسەر هەموو ماڵەکاندا، بە شێوەیەکی یەکسان و بەپێی ژمارەی ئەندامانی هەر خێزانێک. بەمەش هیچ ماڵێک لەو ڕۆژەدا بێبەش نابێت، جا چ ئەوانەی قوربانییان کردبێت یان نا.

جوانتر لەوەش، تەنانەت ئەو میوانانەی لە ڕۆژانی جەژندا لە گوندەکەبن، پشکیان لەو گۆشتە بەردەکەوێت، کە ئەمەش نیشانەی میواندۆستی و بەخشندەیی دانیشتووانەکەیەتی.
ئەم کارە جوانە، نەریتێکی دێرینە و مێژووەکەی بۆ زیاتر لە نیو سەدە دەگەڕێتەوە و وەک میراتێکی بەنرخ لە باوباپیرانیانەوە بۆیان ماوەتەوە.

جێی ئاماژەیە، تەواوی کارەکانی وەک پارچەکردن، کێشان و ئامادەکردنی گۆشتەکە بۆ دابەشکردن، لەلایەن کۆمەڵێک گەنجی خۆبەخشی گوندەکەوە بەڕێوەدەبرێت، کە ئەمەش نموونەیەکی دیکەی گیانی هاوکاریی نێوان نەوەکانی گۆپتەپەیە.

بۆ زانیاریی زیاتر و بینینی وێنە و ڤیدیۆی ئەم نەریتە، دەتوانن سەردانی پەیجی فەرمیی “گوندی گۆپتەپە” بکەن لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک.
https://www.facebook.com/hemngoptapa/videos/1816044298970316

Posted in

Leave a comment