لیزا فەلەکەدین کاکەیی
سەفەرێک بەنێو بیرەوەریەکانی رۆژمێری کوردستاندا بکەین، هەر رۆژەو یادێك تاڵیەک سەدان قوربانی ناخمان ئەهەژێنێت، نەتەوەی ئێمە خاوەنی چەندها یادی تاڵ و خوێناویە…
هەمو لادێیکمان چیرۆکێکی هەیە هەر خێزانێک هەڵگری گێرانەوەیەکی تاڵە لە مێژوی خێزانی خۆیدا.
هەر ماڵێک لەبن مێچی ماڵەکەیدا وێنەی شەهیدێک دووان و سیان و هتد.. لەتابلۆێکدا هەڵواسیوە.
هەر تاكێک بیدوێنیت ئەنفال، کیمایی، شەری داعش، زیندانی، کۆمەڵێک یادو مەرگەسات لەبیرەوەری و زەینیدا وجودی هەیە.
گەلێک لەپێناوی ئازادی و مانەوەو سەرخۆبوون هەرچی پێوست بووە بۆ خاکی کردوە بەدیاری.
دووژمنەکانی ئەم گەلە دەستیان لەهیچ پیرۆزیەکمان نەپاراستوە.
بە ناوی ئایەتێکی پیرۆزی قورئانەوە خوێنی( ١٨٢ )هەزار رۆڵەیان لە هەردوو رەگەز بەپیرو مناڵەوە زیندە چاڵکردین..
قەدەغەترین چەکی کۆمەڵ کوژیان بەسەر ژیان و جەستەی هەزارانمان تاقیکردووتەوە.
ئاگریان لە چوار هەزار گوندمان بەرداو سوتماکیان کرد.
دوژمنەکانمان جگە لە کوشتنی مرۆڤ و گیانداران، هەزاران دۆنم سروشتی جوان رەز و باخی ئەم نیشتمانەیان کردە هاورێی خۆڵەمێش…
بۆ ئەوەی خانەوادەیەک نەمێنیت پێشرەوایەتی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردی بکات هەشت هەزار بارزانیان ئەنفال کرد.
سبەی ٥/٣ یادی(٣٧)ساڵەی کیمابارانکردنی گوندی گۆپتەپە و عەسکەرە لەسنوری شارەدێی ئاغجەلەری قەزای چەمچەماڵ، کە رژێم ئەوەندە دڕندانە کیمابارانی ئەم گوندەی کرد چەند خێزانێکی ئەم لادێیە تاقە کەسێکیشیان بۆ ژیان نەماوە یان چەندین خێزان تەنها تاقەنەیەکیان لەژیان ماوەتەوە…
پتر لە(١٢٠) مرۆڤ لەیەک چرکەدا بە قەدەغەترین چەک خنکێنران و سەدانی کەش ئەنفالکران.
کە دێتە کۆتا ڕستەی چیرۆکە تراژیدیەکەی گوندی گۆپتەپە چاوت بەو رۆمانە کارەساتبارە دەکەوێت کە لە گوندی جەلەمۆردا ئەیخوێنیتەوە، ئەو لادێ دڵ رفێنەی لە ژێر هەر بەردودارو کانیاو گەڵایەکیدا مەرگی ئازیزێکی تیا ئەبینیت. جەلەمۆرد ئەو گوندەی لە کۆی (٥٠٠) هاوڵاتی ئافرەت و پیاو تەنها (٥٠) کەسیان بە موعجیزە رزگاریان بوو، (٤٥٠) روحی بێ تاوانیان بووە چرای ئازادی و بەناوی ئایەتێکەوە ئێسک و پروسکەکەشیان نەگەرایەوە باوەشی نیشتیمان…
ئەنفالی چوار ئەگەر چی لەبناری خاڵخاڵان و شوان و شێخ بزێنی نزیک لە دوو هەزار هاوڵاتی بێ تاوانی گەیاندە کاروانێک لە نەمری، بەڵام گوندی جەلەمۆرد بووە سەرقافڵەی ئەو کاروانەو زۆرترین خوێنی کردە قوربانی.
یادتان بەرزو پیرۆز رادەگرین، لەدڵی ئێمەو گەلەکەتان ئێوە هەمیشە زیندوون.

Leave a comment