هەوڵەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی باخچەی گوڵشەن لە گوندی گۆپتەپە بەردەوامە

#ڕێکخراوی_هاواری_گەڵا
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ خزمەتکردنی گوندی گۆپتەپە و بایەخدان بە ژینگەیەکی پاک و شوێنی حەوانەوەی منداڵان، هەڵمەتی ئاوەدانکردنەوەی باخچەی “گوڵشەن” بە سەرکەوتوویی بەردەوامە.

م. هێمن گۆپتەپەیی، سەرۆکی ڕێکخراوی “هاواری گەڵا”، ڕایگەیاند کە وەک بەشێک لە پەرۆشییان بۆ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکە، بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ جوانترکردن و دابینکردنی پێداویستییەکانی باخچەی گوڵشەن. ئەم باخچەیە وەک شوێنێکی گرنگ بۆ کات بەسەربردنی منداڵان و خێزانەکانی گوندەکە سەیر دەکرێت.

لە نوێترین هەنگاودا، دوای ئەوەی لە قۆناغی پێشوودا فەرش و ژێرفەرش بۆ باخچەکە لەلایەن بەڕێز د. تەها ڕەسوڵەوە دابین کرا، لە هەوڵێکی دیکەی خێرخوازانەدا، بەڕێز بەشدار ساڵح، خاوەنی دووکانی “وەرین” بۆ کۆمپیوتەر لە شاری هەولێر، ئەرکی کڕینی داتاشۆیەکی پێشکەوتوو و گسکێکی کارەبایی بۆ پاککردنەوەی باخچەکەی گرتە ئەستۆ.

م. هێمن گۆپتەپەیی وتیشی: “وەک لە سەرەتاوە بەڵێنمان دابوو، هاوکار و پشتیوان دەبین بۆ دابینکردنی تەواوی پێداویستییەکانی ئەم باخچە خنجیلانەیە. لە داهاتووشدا چەندین کاری دیکەمان لەپێشە بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر خزمەت بە منداڵە چاوگەشەکانی گوندی گۆپتەپە بکەین.”

ڕێکخراوی هاواری گەڵا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی هەموو ئەو خێرخواز و هاوکارانە دەکات کە لەم هەڵمەتەدا پشتیوانییان کردووە، و داوا لە خەڵکی گوند و دڵسۆزان دەکات کە بەردەوام بن لە هاوکارییەکانیان بۆ پاراستن و گەشەپێدانی ئەم شوێنە گشتییە.

Posted in

Leave a comment