شانازییەکی نوێ بۆ وەرزشی گوندەکەمان؛ ژیکار فەرهاد وەک باشترین یاریزانی خوار تەمەن ١٦ ساڵ خەڵات کرا

ستافی میدیایی گوندی گۆپتەپە

بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە، جارێکی تر لاوە بەهرەمەندەکانی گوندەکەمان لە گۆڕەپانە وەرزشییەکاندا دەدرەوشێنەوە. یاریزانی لاو و لێهاتوو (ژیکار فەرهاد عەباس)، کە دانیشتووی گوندی گۆپتەپەیە و لە خێزانێکی وەرزش دۆست و لەژێر سێبەری دایک و باوکی هەمیشە پاڵپشتیدا پەروەردە بووە، توانی سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبهێنێت.

ئەمڕۆ، لە مەراسیمێکی شایستەدا، تیپی وەرزشی پێشمەرگەی کۆیە خەڵاتی باشترین یاریزانی بۆ تەمەنی خوار (١٦) ساڵ پێشکەش بە (ژیکار فەرهاد) کرد، ئەمەش وەک ڕێزلێنانێک بۆ ئەو ئاستە بەرز و سەرنجڕاکێشەی کە لە یارییەکاندا نیشانی داوە.
ژیکار فەرهاد، کاروانی وەرزشی خۆی لە تیمی گوندی گۆپتەپەوە دەستپێکرد، دوای دەرخستنی تواناکانی، پەیوەندی بە چەندین تیمی میللییەوە کرد و بووە جێی سەرنجی ڕاهێنەران. لە ئێستاشدا بە شانازییەوە وەک یاریزانێکی سەرەکی لە تیمی لاوانی “پێشمەرگەی سلێمانی” لە خولی لاوانی عێراقدا یاری دەکات و نوێنەرایەتی ناوچەکەمان دەکات.

ئەم سەرکەوتنەی ژیکار دەرەنجامی هەوڵ و ماندووبوونی شەو و ڕۆژی خۆی و پاڵپشتی خێزانەکەی و هاوکاری هاوڕێکانی بووە لە تیپەکەیدا، کە وای کردووە وەک ئەستێرەیەکی گەشاوە لە تەمەنی خۆیدا دەربکەوێت.

ئێمە وەک ستافی میدیایی گوندی گۆپتەپە، بە ناوی سەرجەم دانیشتووانی گوندەکەمانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە کاکە (ژیکار) و بنەماڵە بەڕێزەکەی دەکەین. هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتری بۆ دەخوازین لە خولەکانی عێراق و داهاتووی وەرزشیدا. ئێمە هەمیشە وەک پشتیوان و هاوکاری بەهرەمەندەکانمان دەمێنینەوە.

بەرز و شەکاوە بێت ناوی گۆپتەپە و لاوە بەهرەمەندەکانی.

ستافی میدیایی گوندی گۆپتەپە

١٥ی ئازاری ٢٠٢٦

Posted in

Leave a comment