لە چوارچێوەی زنجیرە چالاکییە بەردەوامەکانیدا بۆ گەشەپێدانی توانای ژنان و منداڵان، ڕێکخراوی (هاواری گەڵا) لە ناحیەی ئاغجەلەر، بەسەرکردنەوەیەکی مەیدانی بۆ وەرزشکارانی گوندی “عەسکەر” ئەنجامدا.
لەم بەسەرکردنەوەیەدا و بە مەبەستی هاندانی زیاتری گەنجان، تەواوی پێداویستییە وەرزشییەکان لە (جلوبەرگ، گۆرەوی و لاپچین و تۆپ ) بۆ وەرزشکارانی گوندەکە دابین کرا.
هەر لە درێژەی ئەم هەوڵانەدا، مژدەی ئەوە بە دانیشتووانی گوندی عەسکەر دەدەین کە لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا، ڕێکخراوی هاواری گەڵا بە هاوکاری ڕێکخراوی (وادی)ی ئەڵمانی، فێرگەیەکی وەرزشی تایبەت بۆ منداڵانی خوار تەمەن12 ساڵ دەکاتەوە.
ئامانج لەم فێرگەیە، پڕکردنەوەی کاتە بەتاڵەکانی وەرزی هاوین و برەودانە بە بەهرەی منداڵانی گوندی عەسکەر.
هاوکات بۆ کچان و منداڵانی قوتابخانەی عەسکەر، چەندین خولی جیاواز لە بوارەکانی (هونەر، دەستڕەنگینی و بەهێزکردنی زمانی کوردی ) دەکرێنەوە، تاوەکو پێکەوە ژینگەیەکی پەروەردەیی و داهێنەرانە بۆ نەوەکانمان فەراهەم بکەین.




