بەبۆنەی 8ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان، ڕێکخراوی هاواری گەڵا بەپاڵپشتی ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی لە چوارچێوەی چالاکییە بەردەوامەکانیدا، هەڵمەتێکی نەمام چاندنی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی ئەنجامدا.
ئەمڕۆ، سەرەڕای داخستنی ناوەندەکانی خوێندن، تیمەکانی ڕێکخراوی هاواری گەڵا سەردانی “قوتابخانەی ڕەوەندی بنەڕەتی” لە گەڕەکی کەنەکەوەی ئیسکان کرد. لەوێدا ٢٧ نەمامی “تووی کەنەدی”یان چاند، وەک پەیامێک بۆ بەردەوامی ژیان و گرنگیدان بە ژینگەی ناوەندەکانی خوێندن.
ڕێکخراوی هاواری گەڵا،”جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئامانجی سەرەکییان لەم جۆرە چالاکییانە، ڕەخساندنی ژینگەیەکی تەندروست و گونجاوە بۆ قوتابیان و مامۆستایان لە ناوەندەکانی خوێندندا. هەرچەندە لە ئێستادا قوتابخانەکان داخراون، بەڵام ڕێکخراوەکە لە کار و پڕۆژە ژینگەییەکانی خۆی بەردەوامە و ڕێگرییەکان نابنە ئاستەنگ لەبەردەم پەیامە مرۆیی و ژینگەییەکانیان.
لە لایەکی ترەوە، ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە کۆتا چالاکیان نابێت و بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا هەڵمەتێکی تری نەمام چاندنی بەرفراوان لە گوندی “تەوەکەڵ” ئەنجام بدەن، بە مەبەستی زیاترکردنی ڕێژەی سەوزایی لە ناوچەکەدا.
ڕێکخراوی هاواری گەڵا
بۆ ژینگەیەکی تەندروست و داهاتوویەکی گەشتر







