Uncategorized

ڕێکخراوی هاواری گەڵا بەشداری لە سیمپۆزیۆمێکی زانستی زانکۆی سۆران تایبەت بە ئەنفال دەکات


ڕۆژی دووشەممە، ١٤ی نیسانی ٢٠٢٥، لە یادی تراژیدیای ئەنفالدا، زانکۆی سۆران سیمپۆزیۆمێکی زانستی ژێر ناونیشانی “تاڵاوی ئەنفال؛ برینێک لە مێژوودا، بانگەوازێک بۆ دادپەروەری!” ڕێکخست. لەم چوارچێوەیەدا، (هێمن گۆپتەپەیی) سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری گشتی پڕۆژەکانی ڕێکخراوی هاواری گەڵا، وەک یەکێک لە پانێڵیستە سەرەکییەکان بەشداری لە چالاکییەکەدا کرد.

لە پانێڵی سێیەمی سیمپۆزیۆمەکەدا کە تایبەت بوو بە “ئەنفالستان لە ئەدەب، هونەر و فیلمی کوردیدا”، بەڕێز هێمن گۆپتەپەیی باسێکی زانستی و مەیدانی لەژێر ناونیشانی “وێنە نەبینراوەکانی ئەنفال؛ لە فەرامۆشییەوە بۆ سەر پەردەی سینەما و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان” پێشکەش کرد. تێیدا تیشکی خستە سەر گرنگی بەدۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکە و گەیاندنی دەنگی قوربانیان بە ناوەندە جیهانییەکان لە ڕێگەی هونەر و سینەماوە.

شایانی باسە، پڕۆژەی “وێنە نەبینراوەکانی ئەنفال” کە لە ماوەی ڕابردوودا بە پشتیوانی ڕێکخراوی (وادی ئەڵمانی) کاری لەسەر کراوە، تا ئێستا بەرهەمهێنانی ١٠ پێشانگای وێنە و چەندین فیلمی دۆکیۆمێنتاری لێکەوتووەتەوە و ڕێکخراوی هاواری گەڵا بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی ئەم پڕۆژەیە بە بیرۆکەی نوێ لە داهاتوودا.

هەر لە پەراوێزی ئەم چالاکییەدا، بەڕێوەبەری گشتی پڕۆژەکانی ڕێکخراوەکەمان شانبەشانی مامۆستایانی زانکۆ، بەشداربوو لە ناشتنی دوو داربەڕوو وەک هێمایەک بۆ ژیانەوە و خۆڕاگری. لە کۆتاییشدا، ناوەندی جینۆساید و سەنتەری زانستی زانکۆی سۆران ئامادەیی خۆیان بۆ هەماهەنگی و کاری هاوبەش لەگەڵ ڕێکخراوی هاواری گەڵا لە پڕۆژە نێودەوڵەتییەکانی داهاتوودا دەربڕی.