Uncategorized

ڕێکخراوی هاواری گەڵا پڕۆژەیەکی وەرزشی بۆ لاوانی گۆپتەپە تەواو دەکات و پلانی نوێ ڕادەگەیەنێت

لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ خزمەتکردنی کەرتی وەرزش و لاوان، بەڕێز (هێمن گۆپتەپەیی) سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری گشتی پڕۆژەکانی ڕێکخراوی هاواری گەڵا، سەرکەوتنی پڕۆژەیەکی نوێی لە گوندی گۆپتەپە ڕاگەیاند.


لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە، توانرا پێداویستی تەواو (درێس و گۆڕەپان) بۆ هەردوو تیپی پلەیەک و لاوانی گۆپتەپە دابین بکرێت. بەڕێز هێمن گۆپتەپەیی وەک نوێنەری ڕێکخراوەکە، جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە تەنها سەرەتایەکە و بەڵێنی دا لە داهاتوودا بە پشتیوانی و پاڵپشتی زیاترەوە لە خزمەتکردنی گەنجانی ناوچەکە بەردەوام بن.


هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێکخراوی هاواری گەڵا پلانێکی فراوانی بۆ داهاتوویەکی نزیک هەیە، کە چەندین پڕۆژەی جۆراوجۆر لە سنووری ناحیەی ئاغجەلەر و گوندەکانی دەوروبەری دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم پڕۆژانە بوارەکانی (هۆشیاری تاک، ژنان و ئافرەتان، ژینگە و چەندین سێکتەری تر) لەخۆ دەگرێت.


لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەری گشتی پڕۆژەکان سوپاسی هەموو ئەو لایەنە نەبینراوانەی کرد کە هاوکار و پشتیوانی ڕێکخراوەکەن بۆ سەرخستنی ئەم کارە مرۆیی و خزمەتگوزارییانە.