لە درێژەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانیدا، بەڕێز (هێمن گۆپتەپەیی) سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری گشتی پڕۆژەکانی ڕێکخراوی هاواری گەڵا، هەوڵێکی چڕی خستە گەڕ بۆ پاڵپشتیکردنی فێرگەی وەرزشی کچانی پیرەمەگروون. لەم چوارچێوەیەدا و لە ڕێگەی هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی، توانرا کۆمەک و پێداویستی تەواوی وەرزشی وەک (درێس، تۆپ، سەردریس، پێڵاوی وەرزشی و گۆڕەپان) بۆ فێرگەکە دابین بکرێت.
ئەم دەستپێشخەرییەی بەڕێز هێمن گۆپتەپەیی دوای ئەوە هات کە فێرگەی کچانی پیرەمەگروون بەهۆی خراپی باری داراییەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگ ببووەوە. سەرەڕای ئەوەی ئەم تیمە لە ساڵانی ڕابردوودا ئاستێکی بەرزیان لەسەر ئاستی کوردستان نیشانداوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پاڵپشتییەوە خەریک بوو چالاکییەکانیان پەکبکەوێت.
لە میانی سەردانەکەیدا بۆ لای فێرگەکە، هێمن گۆپتەپەیی لەگەڵ ڕاهێنەر و سەرپەرشتیاری تیمی کچان (کوردۆ ڕەحمەزان) کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوە کرا کە زۆربەی یاریزانەکان کچی گوندەکانی دەوروبەری پیرەمەگروونن و خێزانەکانیان زۆر هاوکار و پاڵپشتن بۆ وەرزشکردنی کچەکانیان.
بەڕێوەبەری گشتی پڕۆژەکانی ڕێکخراوی هاواری گەڵا، وێڕای دەستخۆشی لە ئیرادەی کچانی وەرزشکار، تیشکی خستە سەر کێشەیەکی سەرەکی ناوچەکە کە ئەویش نەبوونی (یاریگایەکی داخراوە) بۆ کچان. ناوبراو بەڵێنی دا کە بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ گەیاندنی دەنگی ئەم وەرزشکارانە و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاوتر بۆ ڕاهێنانەکانیان.






