لە هەنگاوێکی نوێ و پەروەردەییدا، کەسایەتی ناسراو و خێرخوازی شاری سلێمانی، بەڕێز دکتۆر تەها ڕەسوڵ، فەرش و کۆمەڵێک پێداویستی یاری بۆ باخچەی ساوایانی “گوڵشەن” لە گوندی گۆپتەپەی سەر بە ناحیەی ئاغجەلەر دابین کرد.
ئەم پشتیوانییە لە میانی سەردانێکی م.هێمن گۆپتەپەیی سەرۆکی رێکخراوی (هاواری گەڵا) بوو بۆ کۆمەڵگەی پەروەردەیی مارگرێت لە شاری سلێمانی، لە دیدارێکدا کە هەریەک لە بەڕێزان مامۆستا ڕەوا و مامۆستا شەماڵ ئامادەی بوون، گفتوگۆیەکی کورت لەبارەی چەند پرسێکی پەروەردەیی کرا و ڕۆڵ و گرنگیی پەروەردە لە گەشەپێدانی کۆمەڵگەدا خرایە ڕوو.
هەر لەم دیدارەدا، دکتۆر تەها ڕەسوڵ بەڵێنی دابینکردنی فەرش و پێداویستییەکانی بۆ باخچەی منداڵانی گوڵشەن دا و دەستبەجێ هەماهەنگی کرا لەگەڵ مامۆستا ئیبراهیم، بەڕێوەبەری باخچەکە، بۆ جێبەجێکردنی کارەکان.
شایەنی باسە دکتۆر تەها ڕەسوڵ، کە خاوەنی چەندین پڕۆژەی ڕۆشنبیری و پەروەردەیی و خێرخوازییە وەک دەزگای ڕۆشنبیری جەمال عیرفان و دەزگای خێرخوازی کەریمی عەلەکە، لە ساڵانی ڕابردووشدا هاوکار و پشتیوانی چەندین پڕۆژەی دیکە بووە لە سنوورەکە دیارترینیان دامەزراندنی تیمی غەواسی گەنجانی گۆپتەپە بوو.
لەم سۆنگەیەوە، بە ناوی بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی ئاغجەلەر، باخچەی گوڵشەن و تەواوی دانیشتووانی گوندی گۆپتەپەوە، سوپاس و پێزانینی بێ پایان ئاڕاستەی بەڕێز دکتۆر تەها ڕەسوڵ دەکرێت بۆ ئەم دەستپێشخەرییە بەنرخە و پشتیوانییە بەردەوامەکانی.
ڕێکخراوی – هاواری گەڵا



