لە کەشێکی وەرزشی و پڕ لە وزەدا؛ ڕێکخراوی “هاواری گەڵا” خوانێکی شایستەی بۆ بەهرەمەندانی فێرگەی وەرزشی ئاغجەلەر ساز کرد

لە چوارچێوەی گرنگیدان بە نەوەی نوێ و پتەوکردنی گیانی برایەتی و پێکەوەیی لە نێو وەرزشوانانی داهاتوودا، ئێوارەی ئەمڕۆ ڕێکخراوی “هاواری گەڵا” بە سەرپەرشتیی بەڕێز (م. هێمن گۆپتەپەیی) سەرۆکی ڕێکخراو، خوانێکی تایبەتی بۆ فێرخوازانی فێرگەی وەرزشیی ئاغجەلەر ڕێکخست.

ئەم کۆبوونەوەیە بە ئامادەبوونی کەسایەتیی دیاری وەرزشیی ناوچەکە بەڕێز (مەلا ئاراس) بەڕێوەچوو؛ ئامانج لێی قووڵکردنەوەی گیانی وەرزشدوستی، بەهێزکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و بەرزکردنەوەی ورەی فێرخوازان بوو لە سنووری ناحیەی ئاغجەلەردا.

شایانی باسە، فێرگەی وەرزشیی ئاغجەلەر کە لەلایەن ڕێکخراوی هاواری گەڵاوە سەرپەرشتی دەکرێت و بە پاڵپشتیی دارایی ڕێکخراوی (وادی ئەڵمانی) کارەکانی بەڕێوە دەبات، ئێستا وەک کانییەکی پڕ لە بەهرە باوەشی بۆ زیاتر لە ٨٠ منداڵ و مێرمنداڵی ناوچەکە کردووەتەوە. فێرخوازان هەفتانە سێ ڕۆژ وانەی تیۆری و ڕاهێنانی کرداری (پراکتیکی) وەردەگرن بە ئامانجی پێگەیاندنیان بە شێوازێکی زانستی و تەندروست.

لە کۆتایی چالاکییەکەدا، ڕێکخراوی هاواری گەڵا سوپاس و پێزانینی تایبەتی ئاراستەی کاپتن (سەنگەر) ڕاهێنەر و سەرپەرشتیاری دڵسۆزی فێرگەکە و خانەوادە بەڕێزەکەی کرد، لە پای ماندووبوون و هاوکاریی بەردەوامیان لە ئامادەکردن و سەرخستنی ئەم کاتە پڕ لە چێژ و وەرزشییە بۆ منداڵان.

ڕێکخراوی هاواری گەڵا؛ هەمیشە پێشەنگ لە خزمەتکردنی وەرزش و پێگەیاندنی تواناکانی نەوەکانی داهاتوو.


#ڕێکخراوی_هاواری_گەڵا
#فێرگەی_وەرزشی_ئاغجەلەر
#پێگەیاندنی_بەهرەکان
#وەرزش_و_تەندروستی
#ئاغجەلەر
#وادی_ئەڵمانی
#Hawari_Gala_Organization
#WADI