Uncategorized

چیرۆکی سێ لەبەشداربوانی پرۆژەی خولی نەهێشتنی نەخوێندەواری لە گوندەکانی عەسکەر و تەوەکەڵ

“خوێندن وەک بەهار؛ چیرۆکی ناسک عومەر حەمەساڵح و ئومێدەکانی بۆ گۆڕینی ژیانی ژنانی گوند”

لە چوارچێوەی چالاکییە بەردەوامەکانی ڕێکخراوی هاواری گەڵا، بە پاڵپشتی دارایی ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری و بەهێزکردنی تواناکانی ئافرەتان لە ناوچە دوورەدەستەکان؛ “ناسک عومەر حەمەساڵح”، یەکێک لە بەشداربووە چالاکەکان لە گوندی عەسکەر، هەستی خۆی و گرنگیی پڕۆژەکەی بۆ سەر ژیانی دەربڕی.
ناسک عومەر، کە یەکێکە لە بەتەمەنترین بەشداربووانی خولەکانی نەهێشتنی نەخوێندەواری و زۆرینەی خانەوادەکەی لە پڕۆسەی ئەنفالدا لەناوچوون، بە گەشبینییەکی زۆرەوە باس لەو وەرچەرخانە دەکات کە فێربوون لە ژیانیدا دروستی کردووە و دەڵێت: “ئەو دڵخۆشییەی بەم پڕۆژەیە و خوێندنەکەمان هەمانە، ڕێک وەک دڵخۆشیی جوتیارێک وایە کاتێک لە وەرزی بەهاردا بارانی ڕەحمەتی بەسەردا دەبارێت.”
ناوبراو وێڕای دەستخۆشی بۆ ستافی ڕێکخراوی پاڵپشتی کار و مامۆستا “هێمن گۆپتەپەیی”، جەختی لەسەر پێویستیی بەردەوامیی ئەم جۆرە خولانە کردەوە، بەتایبەت بۆ ئافرەتانی گوندەکان کە بەهۆی دووری و بارودۆخی جیاوازەوە لە خوێندن دابڕاون. ناسک عومەر وتیشی: “هیوادارم ئەم کارە پەرە بسێنێت و وازمان لێ نەهێنن تا ئەو کاتەی دەگەینە ئامانج و بڕوانامە بەدەست دەهێنین.”
“خوێندن تەمەن ناناسێت”؛ چیرۆکی سوندوس و ئومێدەکانی بۆ فێربوون
سوندوس ئازاد سەعید، تەمەن ٤٨ ساڵ، یەکێکە لەو بەشداربووە چالاکانەی کە لە ڕێگەی پڕۆژە خولی نەهێشتنی نەخوێندەواری لەگوندی تەوەکەڵ دەستی بە خوێندن کردووەتەوە. سوندوس باس لە گرنگی ئەو دەرفەتە دەکات کە بۆی ڕەخساوە و دەڵێت: “ئەم قوتابخانەیە و ئەو ژینگەیەی بۆمان دابین کراوە، هاندەرێکی گەورەیە بۆ ئەوەی سەرەڕای تەمەنم، بەردەوام بم لە فێربوون.”
سوندوس لە پەیامەکەیدا، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی مامۆستا هێمن و ڕێکخراوی وادی ئەڵمانیی دەکات کە پاڵپشتی پرۆژەکە دەکەن و دەڵێت: “ئەم پڕۆژەیە کاریگەرییەکی ئەرێنی زۆری لەسەر ژیانمان هەبووە و سوودێکی زۆرمان لێ بینیوە. هیوامان وایە ئەم هەوڵانە بەردەوام بن بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین پەرە بە تواناکانمان بدەین.”
ئەم جۆرە چیرۆکانە نیشانەی سەرکەوتنی پڕۆژەکانمانن لە گەیاندنی پەیامی زانست و مەعریفە بە هەموو چین و توێژەکان، بێ گوێدانە جیاوازی تەمەن.
چیرۆکی سەرکەوتن: ڕێزان و خەونی فێربوون لە گوندی عەسکەر
لە گوندی “عەسکەر”ی سەر بە ناحیەی ئاغجەلەر، چیرۆکێکی نوێی ئومێد و ڕەنگدانەوەی زانست لە دایک دەبێت.
ڕێزان محەمەد سەعید فەتاح، ژنێکی تەمەن ٤٤ ساڵانە، کە ئێستا دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر بەشداریکردنی لە خولی نەهێشتنی نەخوێندەواری ڕێکخراوی هاواری گەلا بەپەڵپشتی رێکخراەی وادی ئەڵمانی، بە گڕوتینێکی زۆرەوە باس لە ئەزموونی خۆی دەکات.
ڕێزان بە دەنگێکی پڕ لە متمانە و خۆشییەوە دەڵێت: “داوا لە هەموو خەڵک دەکەم چاو لە ئێمە بکەن، بێن و فێری خوێندن ببن. ئەم ڕێکخراوە بەردەوام بێت بۆ ئەوەی کەسانی وەک ئێمە کە نەیانخوێندووە، شتێک فێر ببن و پێش بکەون.”
بۆ ڕێزان و هاوڕێکانی لە گوندەکە، ئەم خولە تەنها فێربوونی پیت و ژمارە نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ گەیشتن بەو مافانەی کە ساڵانێک بوو لێی بێبەش بوون. ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا سوودێکی زۆریان بینیوە و هەست بە گۆڕانکاری دەکەن لە ژیانی ڕۆژانەیاندا.
یەکێک لە خاڵە جەوهەرییەکانی ئەم خولە، نزیکی و گونجاوی بووە بۆ ژنانی گوندەکە. ڕێزان دەڵێت: “ئێمە خەڵکی گوندین و پێشتر دەستمان بەم دەرفەتانە نەدەگەیشت، بەڵام ئێستا لێرە لە گوندەکەی خۆمان و لەلایەن مامۆستایەکی خۆمانەوە فێر دەبین. ئەمە دڵخۆشکەرە و هانمان دەدات زیاتر بەردەوام بین.”
لە کۆتایی قسەکانیدا، ڕێزان پەیامێکی ئاڕاستەی ڕێکخراو و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد و وتی: “هیوادارم ئەم پڕۆژەیە بۆ منداڵان و ئافرەتانی تریش بەردەوام بێت. سوپاسی بێپایانی هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە هاوکارمان بوون و ئەم هەولەیان بۆ ئێمە داوە.”
ئەم چیرۆکەی ڕێزان، بەڵگەیەکە لەسەر ئەوەی کە تەمەن هەرگیز ڕێگر نییە لەبەردەم فێربوون، و گەیاندنی زانست بۆ دوورەدەستترین ناوچەکان دەتوانێت ژیانی مرۆڤەکان بەیەکجاری بگۆڕێت.