لە چوارچێوەی پڕۆژەی (بەهێزکردن و خۆشگوزەرانی دەروونی بۆ خانمان لە چەمچەماڵ و دهۆک)، ڕێکخراوی هاواری گەڵا بۆ گەشەپێدانی ژنان و منداڵان، کۆتا وێستگەی چالاکییەکانی خۆی بۆ ساڵی ٢٠٢٥ لە گوندی تەوکەڵی سەر بە ناحیەی ئاغجەلەر ئەنجام دەدات .
وەک بەشێک لە هەوڵە بەردەوامەکانی ڕێکخراو بۆ بەگەڕخستنی تواناکانی ژنان لە سنووری ناحیەی ئاغجەلەر و گوندەکانی دەوروبەری، لە مانگی ١٢ی ئەمساڵدا خولێکی فێربوونی خەیاتی (هونەری بڕین و دوورمان) بۆ خانمانی گوندەکە کراوەتەوە. لە ئێستادا ڕۆژانە بۆ ماوەی (٢ بۆ ٣) کاتژمێر، وانەکان لەلایەن ڕاهێنەر (مامۆستا ئازیز ڕەشید)ەوە بە شێوازێکی پراکتیکی و تیۆری پێشکەش دەکرێن.
خانمانی بەشداربووی گوندی تەوکەڵ بە پەرۆشییەکی زۆرەوە پێشوازییان لە کردنەوەی خولەکە کردووە و ڕۆژانە هەنگاو بە هەنگاو فێرکارییەکان جێبەجێ دەکەن. هاوکات داواکارن کە ئەم جۆرە چالاکییانە بەردەوام بن و پاڵپشتی زیاتر بکرێن، بەو پێیەی لە ئێستادا دەرفەتی کەم بۆ بەشدارییکردنی ژنان لە چالاکی کۆمەڵایەتی و پیشەیی لە گوندەکاندا بوونی هەیە.
جێی ئاماژەیە، ئەم پڕۆژەیە ماوەی ساڵێکە لە سنوورەکە بەردەوامە و لەلایەن ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی (Wadi) و بە پاڵپشتی ڕێکخراوی (Women’s World Day of Prayer – WWDP) جێبەجێ دەکرێت.
ڕێکخراوی هاواری گەڵا، وێڕای دووپاتکردنەوەی بەڵێنی بەردەوامی لە خزمەتکردنی ژنان و کچانی ناوچەکە، ڕایدەگەیەنێت کە لە داهاتوودا بەردەوام دەبن لە پێشکەشکردنی سیمیناری هۆشیاری لە بوارەکانی ژینگە و تەندروستی. هەروەها پلانیان هەیە لە ساڵی داهاتوودا بە چەندین پڕۆژەی جیاواز و کاریگەرتر دەست بە چالاکییەکانیان بکەنەوە.
ئاغجەلەر – ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی هاواری گەڵا









