ڕێکخراوی ژیندا و هاواری گەڵا پڕۆژەیەکی هاوبەش بۆ پاڵپشتی خانمانی ئاغجەلەر جێبەجێ دەکەن

لە چوارچێوەی پڕۆژەی (بەهێزکردن و خۆشگوزەرانی دەروونی بۆ خانمان لە چەمچەماڵ و دهۆک)، ڕێکخراوی “هاواری گەڵا” بۆ گەشەپێدانی ژنان و منداڵان، بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی “ژیندا” لە دهۆک، هاوکاری و پێداویستی گەیاندە ناحیەی ئاغجەلەر.

دوای هەماهەنگییەکی چڕی نێوان هەردوو ڕێکخراوەکە، ئەمڕۆ بەشێک لە پێداویستی و کەلوپەلی کاری دەستی لەلایەن بەڕێز “چیمەن ڕەشید”ەوە گەیەنرایە تیمی ڕێکخراوی هاواری گەڵا لە گوندی گۆپتەپە. ئەم هەنگاوە بە ئامانجی پەرەپێدانی تواناکانی خانمان و کچانی ناحیەی ئاغجەلەر و گوندەکانی دەوروبەرییە لە بوارەکانی کاری دەستی و دوورمان.

لەم چوارچێوەیەدا، ڕێکخراوی هاواری گەڵا سوپاس و پێزانینی خۆی و خانمانی ناوچەکە ئاراستەی ستافی ڕێکخراوی ژیندا دەکات بۆ ئەو پاڵپشتییە بەردەوامەی کە دەبێتە هۆی ڕەخساندنی دەرفەتی کار و باشترکردنی باری دەروونی و دارایی خانمانی سنوورەکە.