ڕێکخراوی (هاواری گەڵا بۆ گەشەپێدانی ژنان و منداڵان)، بە هەماهەنگی و پاڵپشتی ڕێکخراوی (وادی)ی ئەڵمانی، یەکەمین هەنگاوی پڕۆژە فێرکارییەکەی لە سنووری ناحیەی ئاغجەلەر دەستپێکرد.
پڕۆژەکە بریتییە لە کردنەوەی دوو بنکەی نەهێشتنی نەخوێندەواری بۆ خانمان لە گوندەکانی (تەوەکەڵ) و (عەسکەر)، کە خۆشبەختانە یەکەم هەفتەی دەستپێکی پڕۆژەکە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو.
ئامانجی سەرەکی ئەم پڕۆژەیە،”گەیاندنی دەستی هاوکاری و پاڵپشتییە بۆ ئەو خانمە دەست ڕەنگینانەی کە بەهۆی بارودۆخی جیاوازەوە لە خوێندن دابڕاون،ئێمە بڕوامان وایە کە تەمەن نابێتە بەربەست لەبەردەم فێربوون، بۆیە ئەم دەرفەتەمان بۆ ڕەخساندوون تا لە تەمەنە جیاوازەکاندا پەرە بە تواناکانیان بدەن.
لە ئێستادا لە هەر یەک لەو گوندانە، زیاتر لە (١٠) خانم ڕۆژانە بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە سەرقاڵی فێربوونن ،بۆ پڕۆگرامی خوێندنیش کتێبی (ئەلف و بێی کوردی)ی مامۆستا ئەمین باڵدار وەک بنەمای فێربوونی زمانی کوردی دیاریکراوە، تا بە ڕێگەیەکی زانستی و پەروەردەیی ئاشنای خوێندنەوە و نووسین ببن.
بەم بۆنەیەوە، ڕێکخراوی هاواری گەڵا و ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی، سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی (بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی چەمچەماڵ) و سەرجەم لایەنە حکومی و ئیدارییەکانی ناوچەکە دەکەن، کە زۆر بەدەم داواکارییەکەمانەوە هاتن و ڕێکارە ئیداری و پەروەردەییەکانیان بۆ سەرخستنی پڕۆژەکە خێرا کرد.
هەروەها سوپاسی تایبەتمان بۆ ئیدارەی قوتابخانەکانی گوندی (تەوەکەڵ) و گوندی (عەسکەر) کە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئاسانکارییان بۆ کردین و شوێنی گونجاو یان بۆ تەرخان کردین تا بتوانین دەستبەجێ پڕۆژەکە بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە.








