ە چوارچێوەی چالاکییە بەردەوامەکانی بۆ خزمەتکردنی ژینگەی کوردستان، ڕێکخراوی “هاواری گەڵا” بە هەماهەنگی و پاڵپشتی ڕێکخراوی “وادی” ئەڵمانی، بەشدارییەکی کاریگەری کرد لە هەڵمەتێکی فراوانی نەمامچاندن لە سنووری ناحیەی ئاغجەلەر.
هەڵمەتەکە کە لەسەر ڕێگەی سەرەکی (ئاغجەلەر – گوندی شێخ پاڵەوان) ئەنجامدرا، لەژێر سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی بەڕێز “هێمن بەهجەت” بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر بەڕێوەچوو. تێیدا ڕێکخراوی هاواری گەڵا وەک لایەنێکی سەرەکی، ئەرکی دابینکردن و ڕواندنی (٥٠) نەمامی لە جۆری (تووی کەنەدی) گرتە ئەستۆ، بە مەبەستی زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و جوانکردنی سیمای ناوچەکە.
لەو چالاکییە ژینگەییەدا، م. هێمن عەبدوڵا، سەرۆکی ڕێکخراوی هاواری گەڵا، لەگەڵ تیمێکی مەیدانی ڕێکخراو کە پێکهاتبوون لە ئەندامان (ڕوبار ئەحمەد، ڕۆژگار عەبدوڵا، کوێستان حامید و عەزیز عەبدوڵا) ئامادەبوون و بەشێوەیەکی کردەیی دەستیان بە چاندنی نەمامەکان کرد.
سەبارەت بەم چالاکییە، م.هێمن گۆپتەپەی سەرۆکی ڕێکخراو ڕایگەیاند: “ئامانجی ئێمە لە بەشداریکردن لەم هەڵمەتە، جەختکردنەوەیە لەسەر پرسی ژینگەپارێزی و بەردەوامبوون لە خزمەتکردنی سروشتی ناوچەکە. ئێمە لە ڕێکخراوی هاواری گەڵا بڕوامان وایە کە تەنها بە کارکردنی پێکەوەیی و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەتوانین ژینگەیەکی تەندروست بۆ نەوەکانمان دابین بکەین.”
ئەم هەڵمەتە بەشێکە لە پلانی ستراتیژی ڕێکخراوی هاواری گەڵا بۆ فراوانکردنی ڕووبەری سەوزایی لە ناوچە جیاجیاکان، بە دروشمی “پێکەوە لەپێناو خزمەتکردنی ژینگە بەردەوام دەبین”.



























