یەکێک لەو شانازییە گەورانەی کە لە مێژووی کارەکانماندا وەک مۆمێکی گەش دەمێنێتەوە، کردنەوەی دوو بنکەی نەهێشتنی نەخوێندەوارییە بۆ ژنان و منداڵان لە گوندەکانی (تەوکەڵ) و (عەسکەر) لە سنووری ناحیەی ئاغجەلەر.
لە کاتێکدا دەرگای قوتابخانەکان لە هەرێمی کوردستان داخراون، ئێمە لە “ڕێکخراوی هاواری گەڵا” بە هاوکاری و پاڵپشتی “ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی”، ڕێگەمان نەدا منداڵانی پۆلی یەکەم و دووەمی بنەڕەتی لە خوێندن داببڕێن. ئەمڕۆ دیمەنێکی پڕ لە جوانی دەبینین؛ دایکان و منداڵان شانیان داوەتە شانی یەکتر و پێکەوە فێری پیت و ژمارەکان دەبن.
ئەمە تەنها سەرەتایە! هەوڵەکانمان بەردەوامە بۆ ئەوەی لە گوندەکانی تریش ئەم چرایە داگیرسێنین. تەنها فێربوونی خوێندن و نووسینیش ئامانجمان نییە، بەڵکو لە هەفتەکانی داهاتوودا، پڕۆژەی پەرەپێدانی تواناکانی ژنان دەست پێدەکەین لە ڕێگەی دابینکردنی کەلوپەلی کاری دەستی و ڕستن و چنین، تاوەکو هەر ژنێک ببێتە خاوەن پیشەی خۆی.
بۆ پێشەوە بەرەو کۆمەڵگەیەکی زانستخواز و دەستڕەنگین.

